رۆڵی ئێران لە گلاندنی لاهور جەنگییدا!
لە ساڵی ١٩٦٤ ەوە، لە ناو حەرەکەی سیاسیی کورددا، کودێتا و دەرپەڕاندنی رەقیبی سیاسیی بەمجۆرەی لاهوری بەخۆیەوە نەدیوە! بەڵام ئەم گلاندنەی لاهور، باشیی و خراپیی، زۆری هەیە. خراپییەکانی لەوەدا کورت ئەکرێنەوە کە میتی تورکیا و پاراستنی پارتیی و هەڵپەی کوڕانی تاڵەبانیی بۆ کۆنترۆڵکردنی پارە و دەسەڵاتی رەها، ئەو پەیامە ئەبەخشنەوە کە هیچ کەسێک حەدی نییە لە دژی ماڵی بارزانیی، پێ، خوار دابنێ. ئەو هەموو عەشیرەت و جڤاکەی ناوچەکانی بادینان و موصڵ کە بڕیاربوو لەژێر چەتری لاهوردا، تەنگ بە پارتیی هەڵبچنن، هاوکێشەکە پێچەوانە بووەوە ( هەرچەندە هەڵبژاردن، شتێک لە مەسەلەکان ناگۆڕێ). سەرەتایەکیشە بۆ بەهەیمەنەکردنی کوڕی مەسعود بارزانیی و وەلانانی ئەندازیاری وێرانکردنی کوردستان( نێچیرڤان) و کۆکردنەوەی دەسەڵاتی رەها لە ژێر چەتری مەرجەعی کوردایەتییدا بە شەراکەتێکی کەمتر لەگەڵ ماڵی تاڵەبانییدا. هاوکات، زیانی زۆری بۆ کوردەکانی کوردستانی سوریا و پەکەکە ئەبێت، وێڕای ئەوەی سیاسەت، هیچ بەها و ئەخلاقێکی تێدا نامێنیت و بەتەواویی بووە بە بیزنسی دەیان میلیارد دۆلاریی و عەمالەتی ئیقلیمیی و سووکایەتییکردن بە کێشەی سیاسیی کورد. بێ ئومێدیی لە کورت ماوەدا گەشە ئەکات و رانتخۆڕیی و سەرشۆڕکردن و بادانەوە، زۆرتر ئەبن. فیکر و مەعریفە، زانست و فەلسەفە، هەموو جۆرە چالاکییەکی سیاسیی، زەلیل ئەکرێن و هیچ بەهایەکیان نامێنێت. باشییەکانیشی لەوەدا کۆ ئەبنەوە کە ئەمە دوایین بزمارە لە تابووتی جەلالیزم و خورافییاتی رێبازەکەی مام، ئەدرێ. سیمبوڵیزم و کاریزمای تاڵەبانیی و خورافەی ئیبراهیم ئەحمەد، ئەوەندەی تر سووک و ریسوا ئەبن. ئومێدی سیاسیی وەهمیی بەیەکجاریی کاڵ ئەبێتەوە و ساحەکە بۆ ماڵی بارزانیی( بە بەردەستیی ماڵی تاڵەبانیی) بۆ نەوەکانی ئەو دوو بنەماڵەیە ساغ ئەبێتەوە و سیاسەتی کوردیی، بە هەموو جۆرە پۆغڵەواتێکی ئەم دوو بنەماڵەیەوە، بەشێنەیی و لە دوور مەودادا پاک ئەبێتەوە. زۆرکەس، تەحلیل و تەفسیری ئەوەیان کردووە کە بۆچی ئێران بێدەنگیی لەم گلاندنەی لاهور کرد یان هەندێ ئەڵێن، بەشدارە و تێیدایە؟ جگە لە هەندێ گەنجی وردەکار، کەم کەس بەلای ئەوەدا چووە لە جوغزی فیکری سیاسیی و عومقی ستراتیژییەوە، رۆڵی ئێران، لێک بداتەوە. بە دڵنیاییەوە بەشێکی زۆر لەوانەی رۆحییەتی شەڕانگێزی طائیفییبوونیان تێدایە و بە طیفرە رقیان لە شیعە و لە ئێرانە، لێکدانەوەکانیشیان، بە مۆتیڤی ئایدیۆلۆژیی و مەذهەبییەوە، سواغ ئەدرێ. هەرچی لیبراڵیی و پرۆ غەربییەکانیشە، لەبەر هەیبەتی ئەمێریکا و پرۆ ئەمێریکایی و پرۆ بریتانیی لاهور، نایانەوێ رۆڵی ئێران، وەکو سەرەکییتریین میحوەر، بەهەند وەربگرن. بۆ ئێران، گرنگ نییە کێ دزیی و گەندەڵیی ئەکات، تەواوی دەسەڵاتی سیاسیی ئێران و حەلیفەکانیان لە عێراق، نغرۆی گەندەڵیی و دزیی و برسییکردنی خەڵکن؟ بۆ ئێران، عومقی ستراتیژیی و ئەمنی قەومیی دەوڵەتی ئێران، ئەولەوییەتی هەیە. ماڵی بارزانیی، دز و گەندەڵن بە قەبارەی دەیان میلیارد دۆلاریی، ماڵی تاڵەبانیی بە قەبارەی چەند میلیارد دۆلارێک و ماڵی جەنگییش بە قەبارەی چەند صەد میلیۆن دۆلارێک، ئەمانە هیچیان بۆ ئێران، گرنگ نیین، بەڵکو کێ لە ئەجێندای ئێرانیی و بەرژەوەندیی سیاسیی و هەژموونی ئەودایە. لاهور کۆمەڵێ هەڵەی زەقی کردووە، بەهۆی ئەوەوە بووە کە هەرزەکار بووە یان راوێژکار و هاوڕێکانی، فشەکار، ماستاوچیی و ناعەقڵانیی بوون، یاخود خۆی هەمان مەعدەنی کوردایەتییە چەتەگەرییە بوو؟ ئەوە وردە وردە روون ئەبێتەوە. لاهور، لەسەروبەندی ئەوەی مەلەفی نەوت تەسلیمی حکومەتی فیدراڵیی- عێراق بکرێ، لەناو فراکسیۆنە کوردییەکانی پارلمانی عێراقدا، بە حەماسەوە، ئەڵێ'چۆن دڵمان بێت، مەلەفی نەوت تەسلیمی قەیس خەزعەلیی و هادیی ئەلعامریی بکەین؟" لە کاتێکدا وێڕای تەحەکومی میلیشیای شیعە لە عێراقدا، بەڵام واقیعییەت، نەوت بە دەست دەوڵەتی عێراقەوەیە. پەیامەکەی لاهور ئەوە بوو کە نەوت با بەدەست خۆمانەوە بێت، خۆیشمان ماڵی بارزانیین، لە کوردە حەیاتەکەن. ئەم مۆتیڤە، نەژادیی و طائیفییە و وێڕای ئەوەی ناعەقڵانییشە، سەرخۆریشە. بە واتایەکی تر هەمان بییرکردنەوەی ماڵی بارزانییە! جارجاریش ئاڵا تاڵەبانیی، حەماسی نەتەوەیی هەڵئەستا و وەکو هێمن هەورامیی، مامەڵەی ئەکرد، لە کاتێکدا خۆی بە دۆستی شیعە و ئێران، ئەزانی. وێڕای ئەوەی لاهور و لایەنگرانی زۆر خۆیان بە ئەمێریکاوە بەستبووەوە و رۆڵی ئێرانیان کەم تا زۆر فەرامۆش کردبوو. کاتێ ئەمانە بە دەسگا قووڵەکانی ئێران ئەگەنەوە، ئەگەر داریش نەدەن بە رۆحتا، لێ ئەگەڕێن پارتیی و تورکیا و ماڵی تاڵەبانیی، بتگلێنن. ئێران، گەمەیەکی موخابەراتیی فراوانتر ئەکات، هەر بەچوارچێوەی سلێمانیی و زۆنی سەوزەوە ناوەستێ، بە هەموو قورسایی خۆیەوە، لە عێراق، لە سوریا و لە یەمەن و لە لوبنان و لە هەرێمی کوردستانیش، تەنانەت لە ئەفغانستانیش، ئەیەوێ فشار لە ئەمێریکا بکات، بە مەرجەکانی ئێران بگەڕێتەوە بۆ ئیتیفاقییە ئەتۆمییەکە و گەمارۆ ئابوورییەکانی لەسەر لابدات و باسی مووشەکە بالیستییەکان و میلیشیاکانیشی نەکات. مەسعود بارزانیی، ئەوەندەی تەمەنی ماوە ئەیەوێ دەسەڵات بۆ مەسروری کوڕی بە تەواویی ساغ بکاتەوە، بە گلاندنی لاهور، گلاندنی نێچیر، زۆر ئاسانتر ئەبێت. تورکیاش بۆ ئەوەی دەستی باشتر لە پەکەکە بوەشێنێ و بنکە موخابەراتییەکانی بەرێتە ناوچەکانی سلێمانیی و لە ناوخۆی تورکیاشدا، ئیستیثماری سیاسیی پێوە بکات، پێویستی بەوە بوو لاهور بگلێ. مەصڵەحەتی هاوبەشی ئەردۆغان و پارتیی، وا ئەکات، پارتیی کارتە جادووەکە بدۆزێتەوە و کۆمەڵێ تەنازولاتی ژێربەژێر بۆ ئێران بکات کە ئێران خۆی نەکات بە خاوەنی لاهور وبراکانی. بە دڵنیاییەوە پارتیی و تورکیا، لەگەڵ ماڵی تاڵەبانییدا، بە ماستەرمایندی لۆکاڵیی( مەلا بەختیار) ئەم جەولەیەیان بردەوە و ئێران، بێدەنگیی لێکرد، یان ویستی ئەم گەیمە بەمشێوەیە کۆتایی پێ بێت. بە دڵنیاییەوە، خەتەری ستراتیژیی بۆ سەر ئەمنی قەومیی ئێران دێتە پێشەوە ئەگەر دەسگا موخابەراتیی و عەسکەرییەکانی تورکیا بگەن بە قەڵادزێ و پێنجوێن و شارباژێر و هەڵەبجە..تاد. هاوکات، زۆر باش ئەزانێ کە بەشێکی زۆر لە قیادە کۆنەکانی یەکێتیی و ماڵی تاڵەبانیی، دەستیان لەگەڵ پارتیی( بە سپۆنسەریی تورکیا) تێکەڵ کردووە، ئەزانێ پەکەکەیش زەرەرمەندی سەرەکییە کە بەرژەوەندییەکانی پەکەکە و ئێران، لە هەمبەر تورکیا، یەکئەگرنەوە. ئەی بۆچی هەر بێدەنگە؟ ئێران، چاوەڕێی نەتیجەی صەفەقاتەکان ئەکات لە رەسمە گەورەکەدا( bigger picture). پارتییش خیبرەیەکی مێژوویی گەورەی هەیە لە ئیتیفاقییە سیاسیی و موخابەراتییەکاندا، چۆن و کەی تەطبیقیان بکات یان خۆی بدزێتەوە. چ ئێران و چ پارتیی، چاوەڕێی فاکتەری کات و نەخشە و پلانەکانی ئەمێریکان لە عێراق و کوردستانی عێراق و سوریادا؟ بەڵام جەوهەر و حەقیقەت ئەوەیە، ماڵی بارزانیی لە پێناو هەیمەنەی موطڵەقی خۆیان و گەورەکردنی بیزنسە دەیان میلیارد دۆلارییەکانیان، ئامادەن، هەموو قەضییەی کوردییش، بە تورکیا و ئێران، بفرۆشن. ئەوەی لەم جەڕاندن و گلاندنەدا، رۆڵی هەبووە، تازە بوو بە ئەمری واقیع، بەڵام لاهور نە ئەمێریکا راستی ئەکاتەوە، نە بریتانیا، نە ئەو قیادە و کادیرە جەبان و زۆروبۆرەی یەکێتیی کە بەناو لەگەڵی بوون، چونکە هیچ لایەکیان، لەسەر ئەرضی واقیع لەبەرامبەر عەنتەریاتەکانی تورکیادا، هیچیان پێ ناکرێ، بەڵکو وەکو دیفاکتۆی سیاسیی و جیۆگرافیی، تەنیا و تەنیا ئێران، ئەتوانێ بە سێ رۆژ، وەکو ٣١ی ئاب، ئەم دۆخە قڵپ بکاتەوە. ئێرانیش زۆر بە شێنەییە و گوێی لەوە نییە کێ گلاوە و کێ کودێتاکەی سەری گرتووە؟ کێ پۆز لێ ئەدا و کێ عەزمی شکاوە؟ بە پێچەوانەوە، چاودێریی ئەوە ئەکات، پارتیی لە ئاییندەی نزیکدا، خزمەتی ئەجێنداکانی ئەمێریکا یان ئێران، ئەکات؟ ئەمەی سەرەوە، بەشی سێیەم و کۆتایی بوو لە هەوڵی ئیزاحەی لاهور، بە"ئۆکەی"ی ئیقلیمیی و موبارەکەی پارتیی!