مێژوی بەلوجەکان

بەلوجەکان کێن؟

بەلوچەکان یەکێک لەو نەتەوانەی ناو جوگرافیای ئێرانن کە وەک کوردەکان لە نێوان چەند وڵاتدا دابەشکراون و لە هەموو مافەکانیان بێبەشکراون، لە سەردەمی سەفەوی، قاجاڕ، پەهلەوی و کۆماری ئیسلامیشدا لە بەرامبەر ئەو زۆڵمانەی لێیان کراوە سەریانهەڵداوە.جوگرافیای ئێران، جوگرافیایەکی فرەڕەنگی نەتەوەیی و زمانییە، نەتەوەی “بەلوچ”ـیش یەکێک لەو نەتەوانەن کە وەک نەتەوەکانی دیکەی ناو جوگرافیای ئێران، ڕووبەڕووی زوڵم و زۆری دەسەڵاتە یەک لەدوای یەکەکانی ئەو وڵاتە بوونەتەوە.وەک زۆربەی گەلانی ناو جوگرافیای ئێران، لەوانە؛ کورد، ئازەری، عەرەب و هتد … بەلوچەکانیش دابەشکراون بەسەر چەند وڵاتەوە و لەو وڵاتانەشدا لە مافە سەرتاییەکانیان بێبەشکراون.بەلوچ کێین؟بەلوچ یەکێک لە نەتەوە ئارییەکانن کە بە زمانی بەلوچی قسەدەکەن، زمانی بەلوچی چەند زاراوەی هەیە، لەوانە؛ “ڕەخشانی (بادینی)، مەکرانی، کیچی (سلێمانی)، سەراوانی، پەنجگوری، لەتونی و سەرحەدی” و …، کە لە پارێزگاکانی بلوچستان، هورموزگان و کرمانی ئێران، ویلایەتی بەلوچستان، پەنجاب و سندی پاکستان و ویلایەتی نیمڕۆزی ئەفغانستان قسەی پێدەکرێت.بەلوچەکان لە مێژەوە دابەشکراون بەسەر سێ وڵاتی پاکستان، ئێران و ئەفغانستان و هەروەها لە چەند وڵاتێکی عەرەبی کەنداو و هندستان-یش ژامارەیەکی بەرچاویان نیشبتەجێین.نیشتمانی بەلوچەکان دەکەوێتە باکور دەریای عومانەوە و دابەش بووە بەسەر سێ وڵاتی پاکستان، ئێران و ئەفغانستان، کە بەشی هەرە گەورەی لەناو سنوورەکانی وڵاتی پاکستان دایە، دووم بەشیشی لەناو سنوورەکانی ئێران دایە و بەشی بچوکێکیشی دەکەوێتە ناو سنوورەکانی ئەفغانستانەوە.ڕیشەی نژادی بەلوچەکان:ڕا و بۆچوونێکی زۆر لەسەر ڕیشەی نژادی بەلوچەکان هەیە، جگە لەوەی کە ئێستا وەک نەتەوەیەکی سەربەخۆ دەناسرێن، بەڵام هەندێک لە ڕۆژهەڵات ناسەکان بە عەرەب و دەراویدی (هند)ـیش مەزندەیان کردووە، لەلایەکی دیکەشەوە ڕای هەندێک لە مێژونووسەکان ئەوەیە کە ئەمانە کوردن، لەو بارەوە، ئبن حوقەل مێژوونووس و جوگرافی زان، کە خەڵکی نسێبینە و لە بەغدا ژیاوە، لەسەر بەلوچەکان لە کتێبێکی خۆیدا بەناوی “صورة الارض” نوسیویەتی: “لە شاخەکانی ‘قفس’ حەوت عەشیرەت هەیە کە لە نژادی کوردەکانن”.هەروەها یاقوت حەمەوی جوگرافی زان و مێژوونووس لە کتێبێکی خۆیدا بەناوی “مُعجم‌البُلدان” لەسەر بەلوچەکان دەنووسێت؛ “بەلوچ (بلوص) ناوی تیرەیەک لە کوردەکانە کە لە سەرزەمینێک لە نێوان فارس و کرمان دەژین و بەلوچستان بە ئەوانەوە دەناسرێت”.ئەنساری دیمەشقی لە کتێبی “نخبة الدهر فی عجائب البر و البحر” لەوبارەوە دەنووسێت: “لە شاخەکانی ‘قفس’ لە شاخی ‘بارز’ گروپگەلێکی بێژومار لە کوردەکان دەژین”.هەروەها لەسەر نزیکیی زمانی کوردی و بەلوچی ‘عەبدوڵا ناسری’ نووسەری ئێرانی نوسیویەتی: “زمانی بەلوچی و زمانی کوردی زۆر لەیەک دەچن، بەلوچەکان لە زمانی کوردی تێدەگەن و زۆرێک لە وشەکانیان وەک یەکن، جلوبەرگیشیان زۆر لەیەک دەچن، ئەمە ئەم باوەڕە دروست دەکات کە بەلوچەکان و کوردەکان هەردوو یەک گەل بوون کە بە هۆکارێک لەیەک جیابوونەتەوە”.ژمارەی دانیشتووانتا ئێستا هیچ ئامارێکی ڕوون و ڕاست لەسەر ژمارەی بەلوچەکان بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام بەپێی ئامارە نافەرمییەکان ژمارەیان لە سەرتاسەری جیهان زیاتر لە ٣٠ ملیۆن کەسە.پاکستان:ویلایەتی بەلوچستان گەورەترین ویلایەتی وڵاتی پاکستانە کە ٤٤٪ی خاکی ئەو وڵاتە دەگرێتەوە و ناوەندەکەی شاری کوێتەیە، ساڵی ١٨٧١ی زاینی بەپێی پەیماننامەی “گوڵدسمیت” لە دەورەی قاجاڕەکان لە ئێران جیاکرایەوە و بووە بەشێک لە پاتشاهی بەریتانیا، کە دواتر و لە ساڵی ١٩٤٧ هاوکات لەگەڵ سەربەخۆیی پاکستان، درایە ئەو وڵاتە.بەپێی ئامارەکانی وڵاتی پاکستان (ساڵی ٢٠١٧)، ویلایەتی بەلوچستان ١٢ ملیۆن و ٣٤٤ هەزار و ٤٠٨ دانیشتووی هەیە، هەروەها لە ویلایەتەکانی پەنجاب وسندیش نزیکەی ١٢ ملیۆن بەلوچی دیکە دەژین.ویلایەتی بەلوچستانی پاکستان سەرەڕای ئەوەی سەرچاوە و سامانێکی زۆری هەیە، بەڵام یەکێک لە هەژارترین ناوچەکانی پاکستانە، لێکۆڵەران باوەڕیان وایە ئەو سەرچاوە نەوتی و گازیانەی لە بەلوچستان و نزیک سنوورەکانی ئێران دۆزراونەتەوە، چەندین بەرابەری سەرچاوە نەتییەکانی وڵاتێک وەکو کوێتە.ئێران:زۆربەی بەلوچەکان لە ئێران، لە پارێزگای بەلوچستان دەژین و ژمارەیەکیشیان لە پارێزگاکانی هورموزگان و کرمان و خوراسانی باشوورن، بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ئێران (٢٠١٦)، ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای بەلوچستان نزیکەی سێ ملیۆن کەسن، هەروەها بەراورد دەکرێت کە لە پارێزگاکانی دەورو بەریش نزیکەی دوو ملیۆن بەلوچی دیکە دەژین کە بە گشتی ژمارەی بەلوچەکانی ئێران پێنج ملیۆن کەس دەخەملێنرێت.هاوشیوەی گەلانی دیکەی بندەستی ئێران، بەلوچەکان لە هەژارترین گەلانی ناو ئێرانن، بە شێوەیەک کە هەر ساڵە و دوای پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە یەکێک لەو پارێزگایانە دادەنرێت کە زۆرترین ڕێژەی بێکاریی تێدایە، لەلایەکی دیکەشەوە هەندێکیان هێشتا ناسنامەیان نییە و زۆربەی گوند و شارۆچکەکانی ئاوی خواردنەوەیان نییە.لەم ساڵانەی دواییدا، ژمارەیەک لە منداڵانی بەلوچ کە ناچار بوون بۆ هێنانی ئاوی خواردنەوە بچنە سەر ‘هوتەکەکان’ (شوێنی کۆبوونەوەی ئاوی باران)، بوونەتە قوربانیی تیمساحەکان و دەست و قاچیان لەدەست داوە و ژمارەیەکیشیان گیانیان لەدەستداوە.لە بواری سیاسییشدا و بە تایبەتی لەم ساڵانەی دواییدا، ژمارەیەکی زۆر لە چالاکوانان و هاوڵاتیانی بەلوچ بە تۆمەتی ئەندامێتی لە پارت و ڕیکخستنە دژبەرەکان، لەسێدارەدراون یان زیندانی کراون.ئەفغانستان:بەلوچەکانی ئەفغانستان لە ویلایەتی نیمڕۆز و بەشیکیشیان لە ویلایەتی قەندەهار دەژین کە بەپێی دوایین ئامارەکانی ئەفغانستان (٢٠١٣)، بە گشتی نزیکەی سێ ملیۆن بەلوچ لە ئەفغنستان دەژین.وڵاتانی عەرەب:هەروەها ژمارەیەک لە بەلوچەکان کۆچیان کردووە بۆ وڵاتانی عەرەبی کەنداو کە بە ساڵانە لەوێ دەژین و بە هاوڵاتی ئەو وڵاتانە هەژمار دەکرێن، بەپێی ئامارە نافەرمییەکان ٥٠٠ هەزار لە عومان، ٥٠٠ هەزار لە ئیمارات، ٥٠ هەزار لە قەتەر، ٤٢ هەزار لە بەحرەین، ٢٠ هەزار لە کوێت و ١٦ هەزاریش لە سعودیە دەژین.سەرهەڵدانەکانی بەلوچەکان: بەلوچەکان وەک نەتەوەیەک لە سەدەی ١٥ی زاینییەوە دژی دوو ئیمپراتوریەتی هندستان و سەفەوییەکانی ئێران سەریان هەڵداوە و داوای خۆبەڕێوبەرییان کردووە، دوای ئەوەش کە هندستان دەکەوێتە ژێر دەسەڵات (قەیمومیەت)ی بەریتانیاوە، چەندین سەرهەڵدانیان دژی بەریتانییەکان کردووە، کە هەندێک جار گەیشتووەتە ئامانج و بە شێوەی خۆبەڕێوەبەری کاروباری خۆیان بەڕێوەبردووە و هەندێک جاریش تووشی کوشتار و کۆمەڵکوژی هاتوون.هەروەها لە سەردەمی قاجارەکانیش دژی دەسەڵاتی ئێران سەریان هەڵداوە، کە بەناوبانگترین سەرهەڵدانیان، سەرهەڵدانی “سەعید خانی کورد” بووە و دوای ئەوەش کوڕێکی بەناوی “مەدەد خانی کورد” دژی دەسەڵاتی قاجاڕ شەڕیان کردووە و بۆ سەردەمانێک بە شێوەی خۆبەڕێوبەر ناوچەکەی خۆیان بەڕێوەدەبەن و هەر لەم ماوەیەشدا بە بەردەوامی دژی هێرشەکانی حکومەتی قاجاڕ دەوەستنەوە و بەرخۆدان دەکن، تا ئەوەی کە دەسەڵاتدارانی قاجاڕ پیشنیاری ئاشتی و ئاگربەستیان پێدەکن و ١٤ کەس لە سەردارەکانی “سەرحەد” (کوردەکان) بۆ ئەو مەبەستە بانگهێشتی قەڵای ئێرانشەهر دەکەن و لەوێ بە فێڵ دەیانکوژن و کۆتایی بە خۆبەڕێوبەریی بەلوچەکان دەهێنن.لە ساڵەكانی ١٩٥٠ لە سەدەمی ڕژێمی پاشایەتی ئێراندا، کەسێک بەناوی “داد شاهـ” یان ‘میر داد شاهـ’ لە بەلوچستان دژی سیاسەتەکانی ڕژێمی پاشایەتی ئێران و دەستێوەردانی ئینگلیزییەکان لە بەلوچستان سەرهەڵدەدات، لەم ماوەیەدا دادشا و گروپەکەی کە ژمارەیان نزیکەی ٤٠ کەس بوون، دژی دەسەڵاتی ئێران شەڕ دەکەن و تەنانەت چەند نێردەیەکی حکومەتی بەریتانیاش دەکوژن و فڕۆکەیەکی حکومەتی ئێران بە تفەنگی بڕنەو دەخەنەخوارەوە، ئەمکارەی دادا شاهـ دەنگدانەوەی جیهانیی دەبێت و فشار دەخرێتەسەر حکومەتی پاشایەتی ئێران تا لەناوی ببات، بۆیە لە پیلانێک کە دەستی هەندێک لە گەورەکانی ئەو ناوچەشی تێدابوو، بۆ کۆبوونەوەیک بانگهێشت دەکرێت و لەگەڵ براکەی لەوێ بە فێڵ دەکوژرێن.لە سەردەمی کۆماری ئیسلامی (دەسەڵاتی ئێران) بەلوچەکان بە خۆبەڕێکخستن کردن توانییان چەند گروپێکی سیاسی-چەکداری دروست بکەن کە زۆربەیان ڕەنگ و بۆنی ئاینییان پێوەبوو، بەڵام هاوکات لەگەڵ داواکارییە مەزهەبییەکانیان، داوای مافی سەربەخۆییشیان بۆ بەلوچەکان دەکرد.لە بەناوبانگ ترینی ئەو گروپانە، گروپی “جند الاسلام” بوو بە سەرکردایەتی “عەبدولمالک ڕیگی” کە چەندین چالاکیی و تەقینەوەی لە شارەکانی بەلوچستان و ئێران و پاکستان ئەنجامدا و دواتر لە ساڵی ٢٠٠٩ لەناو فڕۆکەیەکدا لەسەر ئاسمانی ئێران ڕفێندرا و ساڵێک دوای ئەوە بە تۆمەتی ڕێکخستنی گروپی تیرۆریستی، لەلایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە لەسێدارەدرا.لەدوای ئەوەش ئەو گروپە بە ناوی “جیش العدل” بەردەوامی بە کار و چالاکییەکانی دەدات، هەروەها چەندین ڕێکخراوی دیکەی سیاسییش ئێستا کاری ڕیکخستنی لەناو بەلوچەکان دەکەن، کە زۆربەیان لە دەرەوەی وڵاتی ئێرانن.دوایین سەرهەڵدانی بەلوچەکانی ٢٣ی ئەم مانگە و لە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر کوشتاری کۆڵبەر (سوختبەر)ـانی بەلوچ لە شاری سەراوان ئەنجامدرا، کە تێدا دەستگیرا بەسەر بینای قائیمقامێتی شاری سەراوان و دوای ئەوەش مانگرتنی سەرتاسەری لە بەلوچستان دەستیپێکرد.
نوسینی: دژوار کرماشانی


img

لەبارەی ئێمەوە

بوێرکورد

لێکۆلینوەوزانیاری

پەیوەندی

پەیوەندی کردن

Phone

Email

alihusainkarimi1986@gmail.com

Address